2018/07/27

کۆمه‌ڵێک له‌ چیرۆکه‌کانی سه‌ردار خۆشناو

بوومەلەرزە
               سەردارخۆشناو
          شەقڵاوە  18/3/2003      
                                                         
ئەو بەیانییەی مامۆستا (جەلال)م بینی دوایین جاربوو وەك هەردەمەو بەیانێك لەسەرگردی سۆرك دەهاتەخوارەوە كەبەسەر ماڵی ئێمەدا دەروانێ‌، هەردوو منداڵەكەشی جانتاكانیان لەپشت و بەدوایەوە دەرۆیشتن،چاو لێ‌ بوو كە پێی گوتن وەرنە تەنیشتمەوە خۆ من هێدی دەرۆم،ئەوە بۆ بەجێماون، لەخوارگردەكەش كاك محەمەدی مام سمایلی، تراكتۆرەكەی لەگاز پاك دەكردەوە، هەرچەندە ئەو وا راهاتبوو دەبوایە لەگەڵ دەنگی مەلای سپێدان لەسەركاربووایە، پێدەچوو ئەو رۆژەگفتی بەكەس نەدابێ‌ زەوییان بۆ بكێڵێ‌

ئیدی دواترلەگەڵ كاك ئازادی مام خدری عارەبانەكەیان لەتراكتۆرەكە قایم كرد،لەو كەین وبەینەدا تۆزێك دامام و رامام هەر لەبەر خۆمەوە گوتم كاك محەمەدیش ناهەق نەبوو وەكو هەر هەموو خەڵكی ئەویش بەدەست چاوەروانیی شەڕێكی قورس هەراسان ببوو،سەلیقەی كاروكەسابەتیشی نەمابوو،كەچی مامۆستا جەلال تادوایین چركەی زەنگی وانە وتنەوە، قوتابخانەو قوتابی و پۆلەكانی جێ نەهێشت، دیاربوو ئەو رۆژە لەگەڵ رۆژانی پێشوو زووتر لەماڵ هاتبووە دەرەوە و قژی جوانتر داهێنابوو،پێڵاوەكەشی دەبریقایەوە، بەچاكەت وپانتۆڵە ئوتوكراوەكەی وای نیشانی خەڵكی دەدا شەڕ نابێ‌ و باراكەش ئارامە...
با لاتان شاراوەنەبێ‌ و لەگەڵ خۆتان منجەمنجی ئەو پرسیارە سەرقاڵتان نەكات بڵێن ئەو مامۆستا جەلالە كێیە كە من باسی لێوە دەكەم، هەقتانە،مامۆستاجەلال پیاوێكی چوار شانەی رێك و پۆشتە،كاتی خۆی بەناچاری بۆتە سەرباز و لەیەكێ‌ لەشەڕەكانی
نێوان(عێراق ــ ئێران) بەدیل گیراوەو زیاتر لەهەشت نۆساڵ ژیانی دیلێتی بەسەربردووە، لەوماوەیەدا تووشی شەكرە و زەغتیش ببوو، رووی سپی بێ‌ خێزانەكەشی تاهاتەوە چاوی لەرێگەی بوو،منداڵەكانی بەجل دورین بەخێو چونكە لەو گەڕەكەی ئێمە لەدرومانیدا ئافرەتی وەك ئەو دەست رەنگینمان نەبوو،بۆ ئەو هەڵوێستەشی خەڵكی بەتێكرا رێزیان لێ‌ دەنا، من كاتێ‌ ماشێنەكەم بۆچوونە سەر كار وەگەڕ خست، دێهاتییەكانی گەڕەكی خۆمان كەپاش وێرانكردنی دێكانیان لەترسی شەڕ هاتنە شارو لای ئێمەگیرسابوونەوە ئێستاش لەبەرشەڕ دەچنەوە دێ‌،ئەوێ‌ دوورە دەستەو وەك پەناگەش لەشار باشترە،رۆیشتنی مامۆستا جەلال بۆ قوتابخانەو رۆیشتنی خەڵكیش بۆ دێ‌، دوو دیمەنی زۆر جیابوون، لێتان نەشارمەوە زۆریش دڵیان گوشیم، لەنێو بیركردنەوە دا دوو دیمەنی جوانیشم هاتنە بەرچاو،یەكەمیان: چەند ساڵێك دەبێ‌ پیرە سەفینی خۆشناوەتیم بەو شێوەیە بەبەفر نەبینی بوو، دووەمیان: بۆ یەكەم جارە لەشاری من گەرماوی ئاواگەورە و جوان بكرێتەوە،ئیدی هەناسەیەكم هەڵكێشاو بۆچوونە سەركار ئەو شوێنەم بەجێهێشت، هەرهێندە وەك هەر ئێواریەك رووەو ماڵ بوومەوە، لافیتەی كۆچی مامۆستا جەلال بەرچاوی گرتم، كتوپڕ گیانی لەدەست داوە،هەرچۆنێ‌ بوو بە رەنگ و روویەكی پەشۆكاو لەمنداڵێكی كۆڵانەی خۆمان پرسیاری مەرگی مامۆستام  لێ كرد،گوتی لەترسی بوومەلەرەزە،نیوەرۆ لەقوتابخانە دڵی وەستاو بێ‌ ئەوەی شەڕ ببینێ‌ گیانی سپارد


خەونێكی سۆزدار
                                                                                                                                                                    2/6/2003

پێم وایە لاتان سەیر نابێ‌ گەر بڵێم حەزناكەم پرسیاری ئەوەم لێ بكەن تاچەند لە گەڵ برادەرەكەم بەوەفاین، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە لەمن دووری بەرۆح نزیكە، وەلێ‌ ئەو جارەی لەپرێكا میوانی ئادگارە وردەكانی بووم و یەكەم ساتی جێی ژوان و بەیەك گەیشتنمان بەردەرگابوو..!!، هێندەی نەبرد بەدوو قۆڵی بۆ خۆمان لەژێر سێبەری دارچنارەكان شوێنێكمان گرت، لەبەر پەلە پەلی كات هەریەكەمان خوا خوای ئەوەمان بوو تێر لەیەكدی رامێنین و دووقسەی زیاتر بكەین و تۆڵەی غەریبی یەك و دوو بكەینەوە، من لای خۆم بەدزی ئەو هەوڵم دەدا لەو ماوە زەمەنییەدا لە ئاوێنەی چاوەكانیدا وێنەی یادگاریەكانی خۆم ببینمەوە، لەو بێنەوبەردەیەدا ئەویش لەلای خۆیەوە زۆرجار لەبێهۆشیدا وەك ئەوەی لەبەردەم پلیكانێك ساتمە بكا ئاوای بەسەردەهات، كاتێ‌ نینۆكی پەنجە ناسكەكانی لەنێو پەنجەكانم گیر دەبوون، ئەو رۆژە كورتەم لەمیوانداری لێبوونە چەند خولەكێك، كەچی نەمزانی شەوێ‌ كێ‌ منی راپێچی بەردەرگەی ماڵەكەیانی كردەوە، بێ‌ ئەوەی بهێڵن ماشێنەكەم ببەم بەماشێنێكی تاكسی لەبەردەرگا فەرموویان لێكردم .. دابەزم، لەلای چەپی دەرگەی ماڵ بەشووشەیەك شەراب خۆم بینیەوە، لەرەونەقی شووشە شەرابەكە رامام، خۆمم، بەڵام من لەهەموو ژیانم قومێك یا وەك دەڵێن پێكێكم لەشەراب نۆش نەكردووە، شەرمیش دەكەم و جارانیش گەر هەركەسێ‌ بەسەرخۆشی بگیرابا دەشیان گرت و راپێچی زیندانیشان دەكرد، ئێستا ئەوە نەماوە ، ئیدی هەرهێندە بیركردنەوەم بۆهات بینیم هەمان ماڵە ((ماڵی شۆخی منە)) بەڵام لەودەچوو شورەی چواردەوری ماڵیان هەڵگیرابێ‌ چونكە بەئاسانی ناوماڵیان بەدی دەكرا، لەودیوەوە كۆمەڵێ‌ خەڵكم دیت بەڵام كەسیانم نەناسی..!! لەسەر شەقامەكەی پشت ماڵیشیان عارەبانچیە دەستگێرەكەی جاران تەماتەو خیاری بانگ دەكرد و بەرەو رووی من نزیك بوویەوەو لەبەرامبەرم وەستا،خەریك بوو بەسەری شەرابەكە تۆزێكی لێ بخۆمەوە كەچی لەبەرامبەر من و كابرای گەرۆك رێك لەكۆڵانی ئەو بەر كابرای پۆلیس كەشەوان ئێشك لەمولیدەی گەڕەك و ماڵان دەگرێ‌ بەنەرمی داری نێو دەستی راستی دەكێشایە نێو دەستەكەی تری، خێرا ترسێك رووی تێكردم و سوورهەڵگەرام، هەر هێند فریاكەوتم شەرابەكەم بڕژێنمە سەر ویلی تایەی عارەبانەكەو خێرا رووم وەرگێرایەوە لای دەرگاكە، ورد روانیم كەچی ئەوم نەبینی تا ئۆخژنێ‌ بەدڵم بێ‌ و لەو ترسە لانی كەم تۆزێ‌ هێور ببمەوە، لەوكاتەدا نیازم بوو بگەرێمەوە، بیرم بۆ ئەوە چوو خانووەكەیان فرۆشتبێ‌ چونكە باخچەكەیان جاران لەدەستی راست بوو، كەچی ئەمجارەیان لای چەپ بوو، هزرم رۆیشتبوو كەپیرەژنێك دەرگاكەی كردەوەو بێ‌ من لەدەرگەم دابێ‌ فەرمووی لێكردم، منیش لەگەڵ خەیاڵی بیركردنەوە رەزامەندیم نیشان داو چوومە ژوورێ‌، لەدرزی دەرگەی ژوورەوە بینیم لەگەڵ پەرتووك و پەراوەكانی باوەشی مژول بوو بەرەو رووم هات، زۆر بەساردی خێرهاتنی كردم و 
هەر زووش رووی وەرگێراو دوور لەڕایەخەسوورەكە لەسەر زەوی چۆكی دایەوەو دەستی كرد بەنووسینەوەی وانەكانی، تەنیا لەگەڵ میوانەكانی خۆی جێی هێشتم, خەریك بوو دووقسە بكەم هۆرنی ماشێنی پێشوو رایچڵەكاندم و بەدەنگە زەبەلاحەكەی گوتی مامۆستا خێراكە با بگرێینەوە كات درەنگە، رێگە دادەخرێن و لەسەیتەرەكانیش ناهێڵن ئاودیوبین، پرسیم خاڵە مەگەر سەیتەرەكان هەڵنەگیراون..!!؟، هەمدیس پەلەی لێكردم مامۆستا خێرابە توخوا، ماون ما، هەڵگیرانی كوێ‌، لەپەلەپەلیان هەر فریای ئەوە كەوتم بەسیلەچاوێك خوداحافیزی لەبرادەرەكەم بكەم و بێ‌ ئەوەی هیچ شتێ‌ بڵێین لەنێو دنیایەك پەشیمانی جێمهێشت، ئەویش تازە لەدەستی لەدەرچووم، هەرهێندقاچم خستە ناو ماشێنەكە، لەگەڵ دەنگی مەلای بانگی سپێدە خەبەرم بوویەوە


!دڵشاد نەیهێشت ...؟

               سەردارخۆشناو   11/12/2003تاران

زۆرجار لابەلا ترس یەخەت دەگرێ، بۆیە ئەو جارە هەربەترسەوە دەستم بۆی برد نەبادا هەرخەون بێ و ئیدی هەر خەفەتانی بەدیارەوە بخۆم و بڵێم خۆزیا دەستم نەدابایە دەستی، لەو دوورییەی نێوانمان لەچاوەروانی یەكتریدا بووین، لەوبیركردنەوەیدا بووم ئەویش هێندە بەخۆشی دەستە چكۆلەكانی بۆ درێژدەكردم شەرمێك دایگرتبووم هەر مەپرسن، وەلی لەژێرەوە ئەمن لەویم پێخۆشتر بوو، وەكی ئەوێ جارێ لەبن دارچنارەكەی لای خۆیان كەمودەتێكی باش بوو دەستیم گوشیبوو،بیلا مانێ‌ حەزیشم هانی دەدام، مەگەر نینۆنەكە تیژەكانی لەنێولەپی دەستم رانەچووبان لەرامانی چاوانی ئەوها مەست ببووم هەر دەتگوت لەو دنیایەش نیم، بەهەرحاڵ ئەو جارەی پێم خۆشبوو لەو دوورییە لێی بروانم و لەپەنایەك لابەلایەك لەشەرمێ‌ خەڵكی ماچێكی گەرمی لەروومەتان بكەم، كەچی كاك دڵشادی برادەرم توند شانی هەڵتەكاندم و گوتی برادەر ئەوە چ خەون خەونتە ماڵتا، هەستە لیباسەكانت بگۆرە، ناشێ لەخەویشدا هەرخەون ببینی، بەزەردەخەنەشەوە گوتی بەكێوە خەونت دەدی هەی غەداردەی پێم برێ، زەردەخەنەیەكم كردو كەباش چاوەكانم هەڵنگفتن خۆ بەراست ئەوجارەش هەرخەون دەرچوو دەڵێی نەوكم لەخەونان بڕاوە، ئاخیری خێربێت من لەتارانێ و ئەو لەكوردستانێ مەگەر هەر خەونێكی وا بەیەكمان بگەینی كەچی ئەوجارە كاك دڵشاد نەیهێشت لەو خەونەش تێر باڵای ببینم، بۆیە بریارمدا هەركەگەرامەوە سەردانی ئەو بكەم و بەڵام پێشوەختە بریارمدا كاك دڵشادی لەگەڵ خۆ نەبەم ؟!


((شیرین وگوللەی تاڵ))
       1/2/2001    

لەخەوی سەركەپەرەی دارچرودا،دەنگی كەڵەشێرەكەی پلكە فاتمێی جیرانمان وچریكەی بولبولی رووباری بەردەم ماڵمان، زۆربەی سپێدان بەئاگادەهاتین، ئیدی وەك هەر رۆژێك تێر نان و ماستمان دەخوارد و لەبەردەم مامۆستا مەجیدی بەساڵاچوو لەنێوپۆلەكەدا هەردووگوێچكەمان بۆ قسەخۆشەكانی شل دەكرد, كەلەوێش تەواودەبووین لەسەركانیێ بەرماڵان یان لەبەر سێبەری سواندەی خانووە بەقورولیتەكان بەیەكەوە یاریمان دەكرد, ئەوێ‌ رۆژێ‌ لەماڵەوە پێیان راسپاردبووم هەندێ‌ شت بۆ منداڵەكانم بكرم بۆیە رێم كەوتە بازاڕ, پاش ئەوەی دێیەكەمان وێران كرا, چەندان ساڵ بوو نەمدیتبوو لەنێوقەیسەریدا,كەسێك بەخەیاڵی من كەلەودەچوو پشتی لەمن بوو, بەهەست ناسیمەوە,چونكە ئەو هەمیشە دڵی بەوە خۆش دەبوو دایكی پرچی بكاتە یەك كەزی, بەڵام گومانم لا دروست بوو,بێ‌ ئەوەی ئاگام لەخۆم بێ‌ كەلەنێوئاپۆرای خەڵكیدام, لەگەڵم خۆم دەستم كرد بەقسەكردن, شیرین قاچی راستی هەبوو ئەوە بۆبەدارشەق دەروات, ناشێ‌ ئەوبێ‌ !! نا ئەو نییە,خۆخەڵكی زۆر لەیەك دەچن!! بۆ ناشێ‌ ئەوبێ‌, پاش ئەوەی دێیەكەمان ئاوەدانكراوەتەوە بەسەردانێك چۆتەوە دێ و سەرێك لەخزمان بدات و لەگەشت وگەڕانی ئەوێ‌ بەسەرمینێك كەوتبێ‌ وقاچی لەدەست دابێ‌ مەگەر وڵاتی ئێمە بەشێكی بەمین چێندرابێ‌, من لەنێوئەوقەرەباڵغییەدا لەتاوئەو, شت كڕینم هەر بیرنەما ! هەر بەدواییەوە بووم و لەترسی ئەوەی نەبا بەرعارەبانەی جەمەدانی فرۆشەكەی لای مزگەوتێ‌ بكەوێ‌ تۆزێ‌ خۆی مەیلان كرد, دروست ئەو بوو ناسیمەوە ئەو خاڵەی لەسەر كوڵمی بوو, ئەو چاوە شینانەی وەكوخۆی نەگۆرابوون تەنها بەژن و باڵای نەبێت ئیتر گومانم نەما, خۆ ئەوە ئەوە شیریینەوخۆیەتی ؟! شیرین ئەو كچەجوان وشیرینەی,دایك وباوكی لەبەرجوانی وشیرینییەكەی ناویان نابوو, ئاخێكم هەڵكێشاكەخۆزیا بەوشێوەیەم نەم دیتبا, چەندهەنگاوێكی تر رۆیشت و منیش بەدوایەوە بووم, لەوپلیكانە نزیك بۆوەكەلەوێوە دەچووە سەرشەقامی گشتیی ناو بازارلەبەر ئازاری یەك قاچەی كەزۆر ماندووی كردبوو ,خەریك بوو بكەوێ‌ فریای كەوتم و قۆڵم گرت, زۆربەشەرمەوە تێیروانم لەبەرئەوەی من بەهانای چووبووم, بۆی نەكرا وەكو ئافرەتانی تر بڵێ‌ بۆ قۆڵم دەگری, جگە لەسوپاس رێگەم نەدا زۆرقسە بكات زوو خۆیم پێناساندو زۆریش بەوناسینەوەمان گەشایەوەئەمجارە خەریك بوو لەخۆشی من بكەوێ‌,لەبەر ئەو هەموو رێزەی بۆ منی هەبوو گوێی بەهیچ قسەیەكی خەڵكی نەداو میوانداریی قبوڵ كردم بەوەی بەیەكەوە ژەمێك نان بخۆین, ئەو لەچاوی من پەرۆشی نەمانی قاچی خۆی دەخوێندەوە زۆربەشەرمەوە سەری داگرت وبەرلەوەی من بپرسم …گوتی ئازاد دەزانی پێشینانی ئێمە دەڵێ‌( چاكەی سەربەخۆ سەری ساحێبی دەخوات) ئەو پەندەی كردە پێشینی قسەكانی, بۆ ئەوەی درێژە بەقسەكانی بدات وازم لەهەموو یادگارییە كۆنەكان هێناو سەرم خستە سەر دەستەكانم بۆ قسەكانی نوزەم لەخۆم بڕی, ئەویش بەردەوام بوو,ئەوساڵ نەورۆز بوو خەڵكیش ماڵیان ئاوابێ‌ وا راهاتوون لەجیاتی ئەوەی هەر تەنها ئاگربكەنەوە خوویان بەتەقەكردنیشەوەگرتووە, تۆمام جەمیلی جیرانمان ناناسی پیاوێكی دەوڵەمەندەو كورێكی تاقانەی هەیەو زۆر نازی هەڵدەگرێ‌,ئەو ئێوارەیەی كەخۆمان بۆ بەیانی ئامادە دەكردگەشت بكەین, لەماڵی لەیلای دەستەخوشكەكەم پرچم چادەكرد,هەركەگەیشتمە بەردەرگای ماڵەوەمان كوری مام جەمیلی بۆ ئەوەی لەبەردەم مندا ئازایەتی و پیاوەتی خۆی نیشان بدات كڵاشینكۆفەكەی بەدەستێك گرت و دەستی كرد بەتەقەكردن هەرهێندەم بیردێ‌ لەگەڵ دەنگی تەقەكان و شۆربوونەوەی لوولەی كڵاشینكۆفەكە من كەوتم ولەهۆش خۆم چووم, لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە خۆم دۆزییەوە, بەڵام چی؟هێشتا نەهاتبوومەوە سەرخۆم كەدووسەعات لەژێردەستی پزیشكەكان نەشتەرگەریم بۆكرابوو كەبێ‌ هودەبوو قاچی راستم بەكورتی بڕایەوە,هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا, خەریك بوودەست بكات بەگریان, بردمەوە ناو دێ‌ و بەكۆمەڵێ‌ یادگاری منداڵی ولاوێتی باسەكەم گۆری و فەرمووم لێكرد باپاروێ‌ نان بخۆین, لەبیری ئەوە دابووم پێی بڵێم شووت كردووە, شەرمێك دایگرتم هێندەی كردم بۆم نەكرا بپرسم دەبێ‌ شووی كردبێ‌؟!دەشترسام بەقسەكەم هەستی برینداربێ‌ ناچار بێدەنگیم لێكرد, بەدەم نان خواردنەوە هەر لەبیری ئەوەدا دەخولامەوە, كەچی دیاربوو ئەو تەواوببوو, منیش بەزیادیم لێكردو سەرو چایەمان خواردەوە, بەدەم داوای لێبوردنەوە لەسەرشەقامەكە دەستی تەوقەی لەدەست دەرهێنام و جێیهێشتم هێند خەمم لەقاچی شیرین خواردبوو هێندەش رقم لەلوولەی كڵاشینكۆفەكەی كوڕی مام جەمیل ببۆوە, بیرم چبوودروست ماڵیان لەكوێ‌ بوو تا سەردانیان بكەم


هەڵوێست
                      سەردار خۆشناو
                       12/7/2003
تەمەنێكە فەرمانبەرم,لەژیانمدا خەیاڵم بۆ ئەوە نەدەچوو بەو شێوەیەی ئێستام لەداوی عیشق بئاڵێم و لێفەو دۆشەك و سەرینم بكەم بەدوان, پێموابوو هەر بەسەڵتی رۆژان وشەوو سەرماو گەرما بەرێدەكەم, بەهەرحاڵ ئەو بەیانییەی لەبەردەم دایەنگەوە بۆیەكەم سات چاوم پێیكەوت شەیدای بووم, هەرچی كاری دەزگا هەبوو ئەو رۆژە بۆم نەكراوبەهەرشێوەیەك بوو كاری موراجیعەكانم بۆ رۆژانی تر دواخست,كەوتمە بیركردنەوەو دوایش هەواڵ پرسی ئیدی پاش بێنەو بەردەیەكی زۆر, كچە, مامۆستا گوڵەباغی ناوەو مەسیحییە…!!, بەدیتنێك دووان و سێ‌ شەیدای یەكتربووین, لەبەختی من وارێكەوتبوو ماڵمان لەگەڵ مزگەوت بەس تەنها دیوار نێوانمان بووكەچی ئەو بەیانیانەی كەلەماڵ بەزۆر بەدەنگی مەلاش بۆ سەر كار خەبەرم نەدەبۆوە, كەچی لەوماوەیەدا لەخۆشی بینینی گوڵە باغ هەر پێش مەلا بانگدانەوە خەریكی سەر شانەكردن و جل ئوتی كردن بووم, بەنوزەنوزێكەوە لەبەردەم ئاوێنەوەو بەدیار رووخسارمەوەگۆرانیشم دەگوت, ناوە ناوەش لەبەر ئەوەی ئەو مەسیحی و من موسڵمان, لەئانجامی عیشقەكەم دەترسام, بەڵام دڵی خۆم بەبەسەرهاتی شێخی سەنعان دەدایەوە كەچۆن بۆ كچی گاور لەدین وەرگەڕا.. ….. دەمەو ئێوارەیەكیان كەلەقوژبنی ژوورەكەم غەرقی نێو خەیاڵ ببووم و دوكەڵی جگەرەش بنمیچی ژوورەكەیان پڕكردبوو,گوڵەباغ بەزەنگی تەلەفۆن رایچڵەكاندم,پاش بەلێ‌ فەرموو بەدەنگە ناسكەكەی وەكو ئەوەی چواردەوری بەكەس وكاری تەنرابێ‌ بەدەنگێكی لەسەرخۆوە پێیگوتم ((لاوە)) لەخۆشیانە بەهەموو هێزمەوە پێمگوت گیانی لاوە دەڵێی چی؟ گوتی: دەتۆ هێواش بە, هێدی قسە بكە, گوتم بڵێ‌ دەتەوێ‌ چیم پێ‌ بڵێی دڵم شەقی برد, گوتی : خەم مەخۆ بائەوانیش نەهێڵن من بەدزییەوە شووت پێدەكەم,قسەم زۆر پێیە بەڵام دەترسم نەوەك دایكم و باوكم بێنە ئەم ژوورە یان گوێیان لەدەنگم بێت..منیش لەخۆشی ئەو قسەیە تەواو سڕببووم دەتگوت  رۆح لەجەستەمدا نەمابوو, بریارماندا سبەی ئێوارە لەباغچەی شار بەیەكەوە دانیشین بۆیە كاتم نەگرت و ئەویش هەر بەدڵدانەوەی من كۆتایی بەقسەكانی هێناو تەلەفۆنەكەی داخست… لەسوچێكی باغچەكە دانیشتبووین لەنێوان جوانی خۆی و قسەو گوفتی شیرینی, هەرهەموویم كۆكردەوە سەریەكتری دووقسەم بۆ نەكرا, هەرلەوێ‌ بریارمداو پێمگوت دووسبەی شەو لەگەڵ ماڵەوەمان دێینە داخوازیت تۆ لەسەر ئایینی خۆت و منیش لەسەر ئایینی خۆم, وا رێككەوتین ئەویش وای پێ‌ باش بووبەڵام بەنائومێدییەوەسەرێكی لەقاندو بێدەنگ بوو, هەر چۆنێ‌ بوو مەغریب دوای نان خواردن لەتەك براكەمەوە دانیشتبووم ئەو بەمەسەلەكەمانی دەزانی, بەڵام بۆ بەرەو روو بوونەوەی حاجی باوكم و دركاندنی مەسەلەكە شەرمێك دایگرتبووم تووشی هەناسە بركێی كردبووم وەك ئەوەی لەبەردەم گرەوێكی قورس دام كەدەبێ‌ بێوەستان بەسەر ئەزمر بكەوم و گرەوەكەش هەر دەبێ‌ بیبەمەوە,هەرچۆنێ‌ بوو سەرداوێكم دۆزییەوەو خۆم خزاندە نێو باسەكەوە, رووی باوكم گەشبینی پێوەدیار بوو دواجار كەگوتم كچە مەسیحییە هەڵوەستەیەكی بەروودا كردم وگوتی رۆڵە جا ئەمە چۆن دەبێ‌ و پێتوایە ئاسان بێت ئەم بەیەك گەیشتنە ها؟هەر چۆنێ‌ بوو سووكە رەزامەندیێكم لەباوكم وەرگرت كە بۆ شەوی دواتر لەناكاوێكا رێمان بكەوێتە ماڵی گوڵەی مامۆستاو خۆشەویستی من و دەستی باوكی ماچ بكەم و خۆم بخەمە دەریای خێزاندارییەوە, بۆخوا ئەوەش دەڵێم براگەورەكەم بۆحاڵی منیش هەر لەمن باشتر بوو ئێوارەی رۆژی دوایی پێش هەموومان دەستی نا بەزەنگی ماڵەكەیانەوە دایكی بەلوتفێكی شیرین دەرگای لێكردینەوە, ئەوان مەگەر لەدەمو چاوی منەوە هەستیان بەشتێ‌ كردبێ‌ ئەگینا هەرگیز لەوخەیاڵە نەبوون چوونی ئەمجارەمان بۆ ماڵی گوڵە لەگەڵ جارانی پێشوو جیابێت لەبەر جیرانێتیمان سەردانی هەر كات وساتێ‌ لامان ئاسایی بوو, بەس من ئەو شەوە دڵە راوكێ‌ باش یەخەی گرتبووم بەقسەی براكەم بێت چایێكی بەتام و ئاوێكی ساردمان خواردەوە بەڵام من ئاوەكەش لەدەما هەستم دەكرد گەرم بێت چونكە بیرم لای دەرەنجامی ئەو داوایەمان بوو, كەدەرگەی باسەكەمان لەگەڵیان كردەوە هەر زوو بەنەخێر و نابێ‌ وئەو وەڵامیان داینەوەو زۆر جوان باسەكەیان گۆری و  چەند جارێك چووینەوە خوازبێنی بەڵام بێسوودبوو، ئێوارەیەك لەئێوارانی سەرەتای زستان كەدنیا باش ساردببوو لەشوێنی وەستانی پاسەكانا بەنیازی رووەو ماڵەوەبوون لەترسی سەرماكە خۆمان لەنێو دنیایەك جل حەشاردابوو كەتەنها دەمو چاومان بەدەرەوەبوو لەئاخ وئۆفی بوون و نەبوونی ئەم كارەمان وامان بەخەیاڵ هات بچینە دادگەو بەنهێنی مارەبڕی بكەین و هەرچی نەبووە باببێ‌ لەداخی ماڵ ولەتاو من گوڵە ماڵی بەجێهێڵاولەدوای خۆیشی نامەیەكی بۆدایكی وباوكی لەسەر مێزی نانخواردن دانابوو, ((نووسیبووی لەبەر ئەوەی ئێوە ناهێڵن من بەدڵی خۆم شووبكەم وهاوسەری ژیانم دەستنیشان بكەم ئەوە ناچارتان كردم ماڵ بەجێبهێڵم و سەرهەڵبگرم)) لەسوچێكی كۆڵانەكانی خوار ماڵی خۆمان دەمێك بوو چاوەرێی بووم دڵیشم هەرلای بوو نەوەك لەماڵەوە تووشی گێچەڵێك بووبێت, بەخۆی و جانتا رەشەكەی دەستی هەر لەدوورەوە ناسیمەوە ئەوەندە سەیریم كردبوو رۆیشتنیشی لەبەرچاوم دیاربوو, بەیادی ئەو هەموو رۆژانەی عیشقمان كەبەسەرماو گەرما بەرێمانكردوون, بەیەكەوە بەرەو دادگا بۆ ئەوەی مارەی بكەم هەریەكەشمان لەسەر دینی خۆی، كارمان لەكۆتایی بوو هەر هێندەم زانی دایك وباوكی و براكانی چواردەوریان داین و ریسیان لێكردینەوە بەخوری وكۆمەڵێ‌ قسەی پوختیشیان پێوتم هەرچۆنێ‌ بوو لەبەردڵی گوڵە دانم بەخۆم داگرت و هیچ قسەیەكم نەكردە, زۆربەلامەوە سەیربوو هەروا سووك و سانا كارەكەمان هەڵوەشایەوە, دوایی بۆم دەركەوت دەستەخوشكێكی گوڵە لە دادگا بەیەكەوە ئێمەی بینیبوو یەكسەر دەچێت بەماڵی كچەكە دەڵێ, ئەو رۆژە تەواو بەرچاوم تاریك بوو لۆمەو پندەوپۆڵەی ئەوان وماڵی خۆمانم بەلاوە گرینگ نەبوو بەڵكە بێگومان بووم  ئازاری گوڵە دەدەن هێندەم لەدەرو جیران و فەرمانبەرانی فەرمانگەكەی پرسیاركرد هەرواش بوو زۆر لە كچەكە دەدەن و هەڕەشەی كوشتنیشان لێكردبوو، كچەش لە ترسان حاشا لە خۆشەویستی و ناسینی من دەكات و ئینكاری لە نامە و وێنەو دیاریەكانی دەكات كە لای من بوون، لێرە بەدواوە بۆ ماوەیەكی زۆر كچەكە لە ماڵەوە دەستبەسەر كراو لەلایەن براكەشیەوە قژە درێژ و رەشە جوانەكەی لە بنەوە دەبڕن، ماوەیەكی زۆری پێنەچوو نازەنینی خوشكم گوڵەی  لەبازاڕ بینیبوو و هەرچی بەسەری هاتبوو بۆی دەگێرێتەوە كەهیچ شتێك لە دەسەڵاتی ئەودانەبوو, ئۆقرەم لەبەر بڕاو بەقەد دووكەڵی جگەرەكانم خەمیشم هەڵمژی تاتووشی نەخۆشی سینگی كردم,بێ ئومێدیێك رووی تێكردبووم, سەرباری ئەوەی خەمم لەدایك وباوك براكەشم دەخوارد كەبەهۆی منەوە تووشی ئەو گێژاوە هاتبوون, ئێوارەیەك بەدیارزۆپاوە كۆببوینەوە, ئەوەی چاوەرێم نەدەكرد ئەوەبوو باوكم بەدەنگێكی زۆر بەرائەتەوە گوتی رۆڵە ئیجازەیە هەیە قسەیەك بكەم و تۆش رەتی نەكەیتەوە؟ پێمگوت هەرشتێ‌ نۆ بیڵێی دەیخەمە سەرچاوم.. بەڵام هەر لەگەڵ قسەی باوكم ترپەكانی دڵم زیادیان كرد خەریك بوو خەیاڵم بروات دووجار باوكم گوتی لاوە لاوە,خێرا گوتم بەڵێ‌ بەڵێ‌ باوكە ئەمربكە, ئەڵێی چی ژنت بۆ بهێنم، نەیهێشت قسەیەك بكەم براكەشم گوتی قسەیەكی جوانە یەڵڵا ئەڵێی چی, گوتم بابیر بكەمەوە, باوكم گوتی رۆڵە ئیتر بیر لەو كچەی پێشوو مەكەرەوە خۆت بینیت دەرەنجامەكەی چۆن بوو ئەگەر هەر قسمەتیشت بێت هەردەبێ‌ ئەو بهێنی بەڵام تۆ خۆت لەم سەرێشەیە دووربكەوە بەقسەم بكە, ئیتر هەر لەوێ‌ كەوتمە خەیاڵ, دایكیشم گوتی دەی كورەكەم بۆ ئەوەندە خەم دەخۆیت بیر لەشتێك دەكەیتەوە كەنابێ‌ و قسەی باوكت مەشكێنە سەیری دایكم كرد سەیری ئەوانی تریشم كرد هەموویان بێدەنگ چاوەرێی وەڵامێكی منیان دەركرد زۆریش سكم بەدایكم سوتا تازە ئەو پیر ببوو خوشكەشم لەسەر شووكردن بوو دابووایە كەسێ‌ تازە بێتە ماڵەوە هەرهیچ نەبێ‌ خزمەتێكی ئەوانیش بكات بیریشم لەوە كردەوە مادامەكی بەخۆشەویستی نییە چارم نەما رازیبووم, هەر بۆ بەیانی باوكم و كۆمەڵێ‌ ریش سپی بەرەو موسڵ كەوتینە رێ‌ و كچێكی ناسیاویان بۆ نیشان كردم، بەڵام لەژوورەوەش تەواو بۆ گوڵە دەسوتام, بەخەیاڵی خۆمدا هێنا مادام من قسەی ئەوانم نەشكاند هەرچۆنێ‌ بێت بیانوویێك دەدۆزمەوە وازی لێبهێنم, لەهەمووشتێ‌ بەختم رەش بوو لەوەنەبێ‌ بەختم سپی بەوەی كەكچەكە دەیگوت من نایێمە سلێمانی دەبێ‌ ماڵم لێرە لەموسڵ بۆ دابنێی, بەبیانووی ئەوەی ئەوەی ناهێتە سلێمانی چەند مانگێكی نەبرد دەستگیرانییەكەمان هەڵوەشایەوە, ماڵەوەمان پێیان وابوو بێشەنسی رووی تێكردووم لەمەش خوا بەدڵی منی نەداوە بۆ دڵدانەوەی من رۆژێك باوكم پێشنیازی كرد سەفەری دەرەوەی كوردستان بكەم و لەوێش درێژە بەخوێندن بدەم بیرم نەبوو ئەوەتان پێ بڵێم كە من دەستێكی باڵام لە وێنەكێشان هەیەخۆم لەوڵاتی ئیتاڵیا دیتەوە ئەو دووركەوتنەوەیەش جۆرێك خۆشەویستی بوو لەگەڵ رابردووی گوڵەی خۆشەویستم ئێوارەیەكیان لەبەلەكۆنەی ئوتێلەكە وەستا بووم لەنێوباخچەی بەردەمما كورێك وكچێك  سەریان نەبوویە باوەشی یەكترییەوەودیاربوو لەجوڵانی دەمیا قسەی بۆ دەكرد بەدەست خۆم نەبووبەیادی دانیشتنی باخچەی گشتی لەقوڵپی گریانم داو هەرچی برینی كۆن و نوێم هەبوو كولانەوە, بریارمدا هەرچۆنێ‌ بێت تەلەفۆنێك بۆ ماڵی باوكی گوڵە دەكەم ئەگەر باوكیشی وەڵام بداتەوە, لەبەختی من خۆشەویستیەكەم بەتەنها لەماڵ بوو دایك و باوكی و برای بۆ خوازبێنی خزمێكی خۆیان بانگهێشت كرابوون, من لای خۆم ئەویش لای خۆی خەریك لەخۆشیان ببورێینەوە, هێندەم قسەكردتائەو كاتەی كارتی مۆبایلەكەم تەواو بوو بەڵام پێشوەخنە هەموو ئەدرێسێكی خۆمم پیگوتبوو, كاتیشمان بۆ تەلەفۆن كردن بۆ یەكتر دانابوو, لەوە بەدواوە خۆشەویستییەكەمان لەرێی تەلەفۆن نوێكردەوە ، رۆژان چوون وهاتن واڕێك دەكەوێ بۆ گەشت و گوزار گوڵەباغ  لەگەڵ خوشكەكانی دەچن بۆ بەریتانیا ولەوێش رێك بۆ ئیتالیاو بەدیداری یەكتر شاد بووینەوەو پاش چەند مانگێك بەسێ‌ جانتای پڕلەشتومەك گەرامەوە یەك لەجانتاكانم تایبەت كردبوو بەكەلوپەلی خۆشەویستەكەم، هەركە گەیشتمەوە ماڵ دوو رۆژی نەبرد پشوومدا لەگەڵ براكەم و گوڵە بەرەو هەولێر بۆ مارەكردن كەوتینە رێ‌, ئەمجارەش خۆشەویستەكەی من نامەیەكی تری بۆ ماڵەوەیان بەجێهێشتبوو، هەرچی كاری خێرێ‌ هەبوو لەهەولێر جێبەجێمان كردوو مانگی هەنگوینیشمان هەرلەوێ‌ كۆتا پێهێنا پێش ئەوەی براكەم لەهەولێر بگەڕێتەوە ماڵی گوڵە هاتبوونەوە سەر ماڵی ئێمەو كۆمەڵێك قسەیان كردبوو، بەڵام ئەوان دەڵێن ئاگامان لەهیچ نییە و كوڕی ئێمە گەراوەتەوە سەفەرو و بزانن كچەكەتان بۆ كوێ چووە، پاش چەند هەفتەیەكە بووك و زاوا لە مانگی هەنگوینی دێنەوە و بۆ چەند رۆژێك لەماڵی باوكی كوڕە دادەبەزن و رێز و حورمەتێكی زۆریان لێ دەگیرێ و ماڵی خۆیان بۆ ئامادەكراوە كە سەرو ماڵی كوڕەیە و هەموو شتێك چاوەڕێی ژن و مێردی عاشقە و باوكی كوڕەش ئەو ئاڵتونەی كە بۆ دەستگیرانی یەكەمی كوڕەكە كردبووی بەدیاری دەیداتە بووكی تازە كە تاوەكو پێش رۆیشتنی بۆ هەندەران ئێستا وگوڵە لە بەریتانیایە و چاوەڕێی وەڵامە تاكو هەرسێ منداڵ و مێردەكەی بەیەكجاری بباتە بەریتانیا



دووگەشتی چاوەروان نەكراو
             هەولێر    24/2/2000

دەمێك بوو چاوەرێ‌ بووم, هەرخۆشم زەنگی تەلەفۆنەكەم خستەكار..! جارێك و دووان تاپلانەكەم سەریگرت , هیوا لەو دیوو دەرگاوە ئومێدیش میوانە ناوەختەكەی دەكۆڵدا هاتووە .. لەبەرخۆیەوە هەرپندەو پۆڵەی بوو, خوایە چەند بەپەلەم, ماشێنەكەش لەبەردەرگا دەمێكەچاوەروانە, ئەوانیش چاوەروانن , هەر دوای میوان لەچاوتروكانێك دەرگاكان داخران, چركەی كات لەیەك لایدا هێشتا ماشێن بێ جووڵەیە, دڵم زیاتر ترپەی پەلەبوونیەتی, خۆریش هێدی هێدی روو لەزەمین شۆر دەبێتەوە, چاوەروانی كۆتایی هات بەدەم رێگەوە ئومێد لەناوەراستی ئاگرو ئاسن دایە , پاڵیدایە لای ئاگر خۆسەرماش نییە بەڵام بۆكزكردنەوەی دڵە بەنوزەكەم بووكەلەرزی خۆشەویستی ئەوی تێكەوتبوو, لۆفەكان كەرۆژان زۆر درێژ بوون ئەو رۆژە لەیەك دوو چاوتروكان كۆتاییان دەهات .. دەستی بۆ پەرتووكەكە درێژكرد وپەنجەی بۆسەر دوا لاپەرەبردو خستییە سەر ژمارە ..دۆزیمەوە , چی ؟ چیت وونكردبوو تابیدۆزیتەوە, بێ‌ ئەوەی گوێی لەقسەكانی من بێ‌ , ئەوەتا دۆزیمەوە چییە...مناڵمان ناوێ‌ مناڵی چی , تۆ بیخوێنەوە , پەرتووك لەنێو دەستمدابوو, بۆَ نیوخولەك بێ‌ دەنگییەك سەراپای لەشی داگرتم و كپی دایپۆشیم , دەستی بۆسەر پردەكە درێژ كرد , لەناوەراستی پردەكە جارێكی تر پێی گوتمەوە..منداڵمان ناوێ‌ , نیازم بوو بەچاوتێرامانێكی قوڵ وەڵامی بدەمەوە, منداڵی چی؟ شانێكی دایە شانم ...شەرم ئەوی بردەوەلای خۆی , من بەهێمنی سەرم وەرگێراو لەپێدەشتەكانم روانی ...نەیهێشت خەیاڵ بمبات بەقسە راپێچی نێو سۆزی خۆی كردمەوە, ئەمجارە باسی كوڕێكی هەژارو بەناو هەژاری بۆ كردم و باسەكەی دوورخستەوە, لەگەرمەی چوون وهاتنی سۆزم, هەستم كرد ئەو رۆژە تەنها دڵم ترپەی تیایە و سەریشم بۆ ئارەزووی دیدەن پێچدەكاتەوە..شۆفێریش دوای خەیاڵی خۆی هۆلاوەلاوەی داگیرساند...باشە ئێمە تەنها نین ئەوانی دیكە بۆ دەنگ ناكەن؟ ناشێ‌ هەموویان گوێیان بۆ قسەكانی ئێمە هەڵخستبێ‌ , چرپەیێ‌..خشپەیێ‌, هەرهیچ..! بەخەیاڵما دەهات ترسی ئەوە بكەم لەگۆرستانی مردووانم وبەدیاریانەوە پەیڤان دەبێژم , كێ‌ لەگۆرستان باسی دڵ و خۆشەویستی دەكات, وەلێ‌ هەر حەرامیشە..! لەوەش دەترسام ناشێ‌ من مردبم لەگۆرەوە قسە بۆ خۆشەویستەكەم بكەم , یائەوە خەونەو نزیكە بێدار دەبمەوە... ئاورێكم دایەوە پردەكەمان جێهێشتبوو كەلەكاتژمێرەكەم روانی بەخێرا رێدەكا نازانم ئەویش وەك منی بەسەرهاتووە یا گەشتەكە واخێرا دەخوازێ‌.. یاخود نازانم !جارێكی دەیكەش شانم بەرشانی كەوتەوە بەبزەوە داوای لێبوردنێكی كرد بەپێكەنینەوە لێم وەرگرت و خەندەیەكی درێژ بردییەوە, گۆناكانی سوور هەڵگەران بێ‌ شك بەرگەی ئەو تیشكە ناگرن بەرەو رووی دەبێتەوە..بروانە هیوا دنیا سەوز دەچێتەوە بەدۆست نەبوونی لەگەڵ بەهار بێدەنگی كردم ... چۆن مەگەر سەوزایی جوانی نابەخشێ‌..؟! پاش بێدەنگییەك سەرێكی رەزامەندی بۆ لەقاندنم, حەزم كرد بەو باسە زیاتر بیدوێنم .. وەرزەكانی بەروو كردمەوە تۆ لەگەڵ كامەیان دەسازێی ئومێد ,كەزانیم خەزان بەچەشنی رۆحیی خۆی خۆش دەوێ‌، منیش پاییزم كردە پۆشاكی ئەبەدییم، ئیدی پاییزی بێ‌ نەوایان و راستگۆیی و كۆچی سەفەری زیندووم بۆ كردە وەڵام و درێژەم پێدە، من پاییز وەك مرۆڤی دوو رەگەزی دانەپۆشراو دەبینم ویستم شتی تر بلێم...گوتی زۆرم خۆشدەوێی !...پرسیم من یا پاییز ؟.. تۆ و پاییز بەیەكەوە جوانن نۆرەی بێدەنگی ئەو هاتەوەو قسەكانی داهاتووی خستە گیرفانی دڵەوەو لەم لاو ئەولای گردۆڵكەكانی دەروانی هەستم كرد بەدوای قسەیەك دەگەرێ‌ بیكڕێ‌گەردەستیشی نەكەوێ‌ قەرزی بكات, لەوكێشمەكێشمەی لەیەك روانیین دابووین لەخاڵی پشكنینەكە رەتبووین, هێدی هێدی بەحەزێكی زۆرو بەسیلەچاوێكەوە هەم لەخۆیی و هەم لەچواردەوریشم روانی ئەوە بۆ كەسێ‌ نەبوو قسەیێ‌ بكات, لەغەڵبەغەڵبی ئەوان شتێكی وەك جارانی بەبناگوێیا بچرپێنم, بیری مناڵەكە بردمی  تێكەوڵاوی نێوباسی پەرتووكەكەی كردم بەنوزەیەكی پڕلەنازەوە پێی گوتم ئومێد ئەوە لەچی دەروانی كۆمەڵێ‌ وەڵامی وەك((شیش, پرد, منداڵ, سەفەر خەون, خەیاڵ))پرتەپرتی بڕیم لەگەڵ تۆمە نەمهێشت تەواوی بكات , هەڵمگرت بۆ دوایی , دیسان دوایی ... ئا ئا دوایی,دوایی چی ئۆی دیسان دوایی كەی دێینەوە سەفەرتاقسەم بۆ بكەی بیرت چوو لەوڵاتی قەزەمەكانی ‍‍‍‍‍‍‍‍‍... زەمەن كورتی كرد لەبەردەم دەرگای جێی ژوان خۆمان بەجووتە دیتەوە  دەرگاش كرایەوە سەرمان هەڵگرت لەنێو ئاپۆرای خەڵكی هەژار بەهەژاری بۆ هەژارێك دانیشتین من لەبیری زیاتر خۆشەویستیم بۆئەو غەرق ببووم, لەهەموولاوە دەنگۆی هەژاری ومناڵێكی هەژارو بەهەژاری كۆچكردوو گوێكانی دەزرنگاندەوە , پاش تاوێ‌ لەولاوە بەرۆكیان گرتم هیواشی تێوەگلا...وازی نەهێنا, هانام بردە بەر هیوا دیتم سەری نابوویەوە باوەش, هیوا هیوا ..خەو وڕوكاسی كردم چیبكەم ..هیچ وانییە, بەقاقایەكی بێدەنگەوە سەری پێداخستم و گوێبگرەو بخەوە, چی و چۆن چەند كاتژمێرە هەژار بەهەژاریومنیش بەئاسوودەیی دەژیم چۆن بخەوم , گەشتێكەو دووبارەی كەمە, پاڵیدام كەبێدەنگ بۆی بخەوم , كەچی دەست نوێژی ئومێدیی شكاندنم, چراكان باشتر كوژانەوە ترسی ئەهریمەنم بەخەیاڵ هات بۆ ئاسوودەگیم شانم لەشانی هیواكەم نزیك كردەوە , پێ گوتم بیگرە .. چی ؟خستیە دەستم , بێدەنگ بیخۆ باكەس پێی نەزانێ‌ قرتەیان نەیێت, گەرم وگوڕی دەنگی خەڵك و من و ئەو و قرتەكانم یەكتریان نەدەناسییەوە,خۆم تەواو بیر چوبوو نەیهێشت ئەو بیرچوونەم بگاتە وێستگە وتیان لەشەمەندەفەری گەشتت دابەزەو لەدوورەوە تێی بروانە, چاوم كردەوە وون بوو ناشێ‌ ون بێ‌ خۆچاوی من هەندێ‌ جار كزدەچنەوە..! ئەوەتە باشترم روانی و تیژیی چاوم ئاراستە كرد , گەشتەكەمان هێدی هێدی بەرەو كۆتا دەچوو لەچاوانی ئەوم خوێندەوە گەشتی ئەمجارمان تا ئێرەیە, دووگەشتیارین یەك بۆ رۆژئاوا یەك بۆ رۆژهەڵات دەبێ‌ بەناچاری رێگەی جیابوونەوە بگرینە بەر, ئەو بمێنێ‌ بەهیوا منیش بە هیوای ئەو بۆ گەشتی ئەبەدی دەژیێم
وەكو چەند جارەی زۆر دڵی تووندكردم, بردمی بردمی وەك لێزمەی باران و شەپۆلی دەریا مەزنەبەكەف وكوڵەكان هەڵیگرتم ورفاندمی, خۆشم نەمدەزانی بەرەو كوێ‌ , لەساتەوەختێكدا شنەبا بەهێمنیچپاندیبەگوێما,تا زووە برۆ فریای بكەوە ماڵوێران خۆتی و  لەگەشتی چاوەروانەكراوی ئەمجارە بەرەو گەشت و كۆچی ئەبەدی ملی ناوە... روانیم هەموویان گردبوونەتەوە, چواردەوریانداوە كۆمەڵیان گرتووە هەموویان بەرگی رەشیان پۆشی بوو , تەنها ئەو بەرگ وتارای سپی پۆشی بوو, لەبووكی زەماوەندو شەوی پەردە دەچوو...خەڵك دەستە دەستە ریزیان بەستبوو, هۆن هۆن دەگریان ...خەڵك كەی بۆ بردنی كەژاوەی بووك دەگرین, نەمدەزانی هانا وەبەر كێ بەرم پرسیارێكەو لەسینگمەوە خولی دەخوارد...دەمپرسی چی قەوماوە؟ كەس نەبوو وەرامێكی لێوەربگرم...شین واوەیلایە, باوكەرۆیە ئاسمان بەدیار باڵایەوە لەپڕمەی گریانی دەدا , زەوی رەنگی زەرد هەڵگەرابوو, چی ببینم لەخۆمم روانی بەقەد لەپی دەستم جەستەی خۆمم لەدەست داوە رۆحم لەنێو كفنی ئەجەلەو ..., وردبوومەوە باشتر لەخۆمم روانییەوە بیرم كردەوە دڵم جێهێشتووە.. نزیكتر بوومەوە ئەوە مەرگی منەو لەباوەشی یارانەوە شینی كۆچەو دڵم سەردەستەیەوپێش خۆشم كەوتووەو ئەوە بیست و حەوت گوڵە گەنمكەی خۆرنەدیووە , بیست حەوت گوڵەنێرگزی بێ‌ باران ، بیست حەوت خونچەی باغی تەمەنمە بەرگی فریشتەیی پۆشیووە ماڵئاوایی لەخۆم و خاك و یادەكانمان دەكات ..چواردەورمان ئێشكم بەدیاركێلەوە گرت كەچی دڵم ئۆقرەی نەهات بووكی خێرنەدیوو بەتەنها بكاتە میوانی ناوەختی گۆڕی تاری, داهزرام هێزی ئەژنۆم تلایەوە بەرگەم نەما و ملوانكەی دیاری زستانەی تەمەنم هێنابوو نەمدەزانی بۆ ئەو رۆژەیە لێرە دەیكەمە گەردنی كێلەوە , گوارەكانم بەهەردوو دیوی گۆرەوە هەڵپەساردن بەدرێژایی بەژنی گۆڕ بۆنی خاكم كردو كێلەكانم لەباوەش ناو دڵۆپی فرمێسكەكانم رێچكەیان گرتبوو، لەنێو ریزی فرمێسكەكانم بڕیارمدا جیانەبمەوە گۆرێ‌ بەتەنیشت گۆڕی ئەوا هەڵكەنم دەستم بۆ خاك برد ...لەو ساتە وەختەدا لەگەڵ دەنگی برای شۆفێر لەم گەشتە خەیاڵاویا پڕشوومە رزگارم بوو



((مەڕوپاقڵاوە))
پیرمام12/2/2004     
                                                                         
وەكو ناوی خۆی كورێكی ئارام ولەسەرخۆبوو, بەڵام تابڵێی شەرمن بوو, پازدە شازدە بەهاری تەمەنی بەڕێكردبوو تائەو كاتە دوولەجیرانەكانی بەباشی نەدەناسی , ئەو ئێوارەیەی وەك هەر ئێواریەك لەگەڵ ماڵەوەیان بەدەوری سفرە سۆرەكەی  نانخواردن كۆبوونەوە, دەم وچاوی ئارام كزو هیلاك دیاربوو تازەش وەرزی خوێندنی ئەوساڵە بەكۆتا هاتبوو, دایك وخوشك و براكانی چاوەرێی باوكیان دەركرد كەلەنوێژی مەغریب ببێتەوە بەیەكەوە پاروێك نان بخۆن, باوكی ئارام هەر هێندە لەدوایین سوژدە سەلامی دایەوە پێش هەموویان چاوی كەوتە سەردەموچاوی ئارام كەلەرۆژان نەدەچوو, هەستی بۆهات زەرەرێكی كردبێ‌ یا لەوماڵە شتێكی شكاندبێ‌ یا لەدەرەوە شەڕێكی كردبێ‌ بۆیە هێندە بێ‌ تاقەت دیارە هەرچەندە باش دەیزانی ئارام شەر ناكات …
لێی پرسی , ئارام … ئارام 
ئارام وەك ئەوەی هەر لەوێش نەبێت خەیاڵی دوور رۆیشتبوو ..
باوكی لێی دووبارە كردەوە ..
ئارام لەگەڵ تۆمە كوڕم ئەوە چیتە و مێشكی خۆت بەچییەوە مەشغوڵ كردییە وهیچ بووە ؟
شوكر بۆ خودای ئەو ساڵە لەمەكتەبیش بەیەكەم دەرچووی ئیدی خەمی چت ماوە ؟ شەڕت كردووە شەرم مەكە  پێم بڵێ‌ ؟
ئارام بەزەردەخەنەوە گوتی :
نەخێر بابە خۆتۆ دەزانی لەهەموو ژیانم دوو شەڕم نەكردووە .
ئەی باشە كورم دەپێم بڵێ‌ ئەو هەموو بیركردنەوەت لەچییە؟ خوانەخواستە خۆ بەنیازیش نیت لەپشووی هاوینی ئەوساڵ بچیە نامانگ و لەئێستاوە نەخشەی بۆ بكێشی …
تا ئەو دەمە كەهەموویان لەشەرمی قسەكردنی نێوان باوكییان ئارام كەس دەنگێكی لێوە نەدەهات خواخوایان بوو قسەیەكی وا بێتە گۆرێ‌ كەلەپڕمەی پێكەنینیانداو هەریەكە لەلای خۆیەوە وایە وایەیان بۆ قسەكانی باوكیان زیادكرد …
ئارام كەئەو وەزعەی بینیی , داوای لەباوكی كرد رێگەی پێبدات ئەو هاوینە لەگەڵ ئاراسی برای بەیەكەوە ئیش بكەن .
باوكی بەلایەوە سەیربوو ئارمێك لەماڵی خۆی لەشەرمان تێر بەسكی خۆی ناخوات و لەشەرمان ناتوانێ‌ لەنانەوانخانەی نزیك ماڵمان نانی بەیانیان بۆ ماڵێ‌ بێنێ‌ , كەچی ئیش بكات , دیارە دنیا باش گۆراوە من ئاگام لێی نییە دەی خوا خێری بكات هەموو شتێك دەبێت … باوكی بۆ ئەوەی باسەكە نەگۆرێ‌ پێی گوت بەس كوڕی خۆم خۆتۆ پێویستت پێی نییە تا ئیش بكەیت بە قسەی من دەكەی وازبێنی باشترە … باشە ئەوە گریمان رازی بووین ئیش بكەی بەنیازی چ ئیشێك بكەی لەگەڵ ئاراسی برات. 
ئارام كە زانی بابی بۆ ئیش كردن دڵ رەق نییە  تەنها خەمی ئەویتی یەكسەر پێی گوت حەزم لێیە پاقڵاوە بفرۆشم. 
باوكی ئارام پاش ئەوەی لەدایكی ئارام و منداڵەكانی دی راما بەپێكەنینەوە گوتی ئارام دەیەوێ پاقڵاوە بفرۆشی هەرچەند دەزانم ئەو كارەت پێ ناكرێت بەڵام فەرموو لەبەیانیەوە ئازادی … دەی ناوی خوا بێنن با نانەكەمان بخۆین… ئارام كە ئەوەی بیست لە خۆشیان بەشی دوو ژەم نانی خوارد …بەیانی زوو بوو هێشتا هەر مەلا بانگدان بوو ئارام خۆی خشاندە لای جێگەی ئاراسی برای و بۆ ئەوەی خوشك و براكانی بەئاگا نێن لەبن لێوانەوە بانگی كرد .. ئاراس .. ئاراس هەستە با چاومان بشۆین تا زوو بچینە فڕنی پاقڵاوەی…ئاراستكای لێ كرد باتۆزێكی تر بنوێ .. هێشتا زووە …كەچی ئارام هەر پەلە پەلی بوو، جارێك و دوان و سیان تا ئاراسی وەرس كرد .. بە تووڕەییەوە رووی وەرگێڕا لای ئارام و گوتی بەخوای برا ئەتو بەكەڵكی پاقڵاوە فرۆشتن نایێی .. بەس لەگەڵت دێم و ئەوە هەستام. 
یەكەم رۆژ بوو دونیاش گەرم بوو ئارام تا نیوەڕۆ بێ ئەوەی هاوارێكی لێ هەڵستێ و خەڵكی بزانن پاقڵاوە فرۆشێك بەو گەڕەكەدا دەڕوا یەك پاقڵاوە چییە نەی فرۆشت. 
ئاراسیش لە كۆڵانەكەی ئەوبەر هەر هاوار هاواری یاڵا پاقڵاوەی بەگیزی بوو، خەریك بوو سنیەكەی تەواو دەكرد، ئارامیش تنۆك تنۆك ئارەقەی كردبوو، وەنەبێ هەر لە گەرمان بێت بەڵكو لە شەرمانی بوو، ئەوەی شەو بە خەیاڵی خۆی داینابوو كەچی لەرۆژ هەر پەشیمان بوو، پندە و پۆڵەی بوو، خوایە ئەوەچی بوو خۆم تووش كرد… لەو خەیاڵانەدا بوو كەچی خەریك بوو بەخۆی و سنیە پاقڵاوەكەی بەسەر دووسێ مەڕدا بكەوێ كەلەو كۆڵانە دەمیان نابووە نێو تەنەكەی زبڵی نێو دەرگای ماڵانەوە … 
هەر هێندە لەبەردەم خۆی روانی لەدوورەوە بینی ئاسۆی برادەری هێدی هێدی بەرەو روویەوە دێت، ئیدی بەوە راگەیشت سنیە پاقڵاوەكەی لەبن دیواری یەكێك لەو ماڵانە دابنێ و دەستەكانیشی خستە گیرفانیەوە وای نیشاندا كە دەمێكە چاوەڕێی برادەرێكی دەكات …
ئاسۆ گەیشتە لای ئارام و بە پێكەنینەوە چاك و چۆنی لێ كرد و ئارامیش پشتی لە سنیە پاقڵاوەكە بوو، ئاسۆ لێی پرسی، خێرە ئارام لێرەی ؟
ئارام گوتی: ماڵە برادەرێكم لێرەیە چاوەڕێی ئەو دەكەم، ئاگای لێ نەبوو مەڕەكان گەڕابوونەوە سەر سنیە پاقڵاوەكە و بیلا مانێ‌ دەویان تێ نابوو .. ئاسۆ دوو سێ قسەی تری نەكرد.. بە ئارامی گوت:
 تەماشاكە ئەو مەڕانە ئەو پاقڵاوانەیان هەمووی خوارد .. ئەوە دەبێ هی كێ بێ ؟
ئارامیش لە دڵی خۆیدا خەریك بوو لەتاو پاقڵاوەكان لە هۆش خۆی بچێ كەچی گوتی وەڵڵا نازانم دەبێ هی كێبێ .. هەر هەێندە ئاسۆ خودا حافیزی كردو لەبەر چاوان وون بوو ئارام بە پەلە خۆی گەیاندە سنیەكە بەڵام پاش چی, یەك پاقڵاوە چییە بە كەڵكی فرۆشتن وخواردنی مرۆڤ نەمابوو.. خەریك بوو لە پڕمەی گریان بدات ئاراسی برای لێ پەیدابوو ها ئارام ئەوە پاقڵاوەكان بۆ وا پیس و رژاون ! شەڕت كردووە! .. كێ لێیداوی ئارام .. ئارامیش خەریك بوو دڵی شەقی دەبرد.. بە ئاراسی گوت شەڕی چ ئەو مەڕە نەگبەتانە هەموویان لێ خواردم… ئاراس سەری سوڕما … كە ئارام بە سەرهاتەكەی بۆ گێڕایەوە ئاراس دەستی بە پێكەنین كرد تا گەیشتە ماڵەوەش ئاراس هەر پێدەكەنی ئیدی لەو رۆژەوە ئارام تۆبەی كرد و وازی لە پاقڵاوە فرۆشتن هێنا. 


!..من وهۆشیاروشینایی
سەردارخۆشناو/15/1/2003

 دەمێك بوو گوێم لەدەنگی نەببوو, زۆرم خۆش دەوێ‌ و زۆریش لەبیریئەودا شەوان ئەلبومی وێنەكان سەرەو ژێردەكەم,ئەو رۆژەش كەخەیاڵم لەسەرخەوێكی گەرم دابوو, دەنگی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بردمیە نێو ترێلەی رێگە دوورەكانی ئەمریكاو بەجووتە سەعات دووی پاش نوێژی نیوەرۆی چلەی هاوینی ئەو رۆژە,كەگەرما لەناوەراست سەرژێرو تیژ رووی لەزەوی كردبوو بەدەم پێكەنینێكی بێتام هەربۆ خۆشی بەپێ‌ چووینە سەر شینایی,لەخۆشی یەك و دوو, گەرمامان هەربیرنەبوو, ئارەق تنۆك تنۆك سەروملی تەركردبووین هێدی هێدیش بەپشتمان لێژدەبۆوە,ئەو رۆژە لەوگوندەی كەنزیك شیناییەكەمانە زەماوەندی وریا بوو,كەبێگومان ئێوە وەك من وریا ناناسن بەرلەوەی لێم بپرسن من باسی دەكەم كورێكی زیتەڵەی رووخۆشەو ناوە ناوە لەپرێك قسەی دەوەستێ‌ ودەمی تەتەڵە دەكات بۆیە لەدە قسە لەدوویان حاڵی نابین بۆیەش خەڵكی گوندی بەدەمبەری بەدوكەڵ ناوی دەبەن, بەڵام كەیفی بەگاڵتەوگەپ و برادەرایەتی دێ‌,لەبەر یەك شت من وهۆشیار زۆر جیاوازیمان لەگەڵی هەیە ئەو باڵای لەئێمە درێژترە,رێگەیەكی دورودرێژمان لەبەرقسان زوو بڕی و خۆمان لەبەردەم ئەوكەپرەیە بینییەوە كەبەسەر سەوزاییەكە دەیروانی,لولەی بڕنەوی باپیرەمان بەژێریەوە ملی شۆرببوەوە,لەوە دەچوو تاقەتی تەقوتۆقی نەمابێ‌,سمكۆی برای وریا لەچاوەرێی ئێمەبوو تاهەواڵی خواردنی ترش وبرنج وگۆشتی نیوەرۆی زەماوەند لای ئەوان نۆشی گیان بكەین, ئیدی بەسەرێكی دڵنەوایی و سووكەگفتێك بەڕێمان كرد و تورەگەی خواردنی خۆمات لەلایەكی كەپرەكە هەڵواسی وباپیرەشمان بەدووقسەی خۆش ناردەوە ماڵێ‌ هەرچۆنێ‌ بوو بەخاكەناسە كلك شكاوەكەی باوكم یەك دوو بۆیەمان بەدانێك تەواوكرد, لەگەڵ خۆشما پرتەو پۆڵەیەكی زۆرم كرد, هۆشیار وای هەست دەكرد لەگەڵ ئەوم بێ‌, بەبەڵێ‌ وسەری رەزامەندییەوە وەڵامی دەدامەوەوكەهیچیش لێم حاڵی نەدەبوو, ئۆف ئۆف, من ئەوە چەند جارە بەوباوكەم دەڵێم لەشار دەسكێكی بۆ ئەو خاكەناسە بكرێ‌ ئەگەرنا خۆی دەسكێكی بۆدروست بكات كەچی هەربیری دەچێ‌,ئەگینا قەت دەستەكانم دەقڵیشایەوە؟ بەهەر حاڵ, هەرهێندە زەردەی خۆر شۆربۆوە شەوێكی تاریك تاریك بووە میوانمان, بیرم نەبوو ئەوە باس بكەم كەكاتی خۆی لەبەر ئەوەی لەمەكتەب زیرەك بووم و لەوسەردەمەش حەزم لەئامێری سازبوو باوكم سازێكی زۆر جوانی بۆ كڕیبووم, ئەگەرچی نەمدەزانی هیچ بژەنم بەڵام كەیفم وایخواست و ئەویش لەرێگە هاورێمان بێ‌ هەر جارەو لەئاوازێك پەنجەم بەتەلێك دەكەوت, هەرچۆنێ‌ بوو بۆپشوو و سەرخەوێك لەسەر كۆنە رایەخی داپیرەمان دانیشتین كەبەدەستی خۆی زەمانێك بەرلەئێستا بۆ باپیرەم دروستی كردبوو, لەوتەنیایە خۆمان لەگەڵ سازو قسەی خۆش خەریك كرد بەڵام دەنگی خشپەخشپ وخرمەخرمی میوانی ناوەختەمان لەگەڵ دەنگی ئاوازە نەشازەكەم نێكەڵ بوون, ترس خۆی خزاندە نێوانمان بەدەم حیكایەت و پێكەنین وترسەوە شەومان بەنیوە كرد و لەگەردەی خەوی سپێدە دابوو لەپرێكا بگۆڕ پەیوەندییەكەی نێوان من و ئەوی پچراند من لێرە لەلای شیناییەكان بەتەنیا مامەوەو ئەویش تاپەیوەندییەكی تر لەنێوترێلەكە بەجێمهێشت . 


ئەڵقە
    
         شەقڵاوە / 14/3/2002

منداڵ بووم هەرجار حەزم لێ بوو گوێ‌ لەگەوران بگرم و لێیان فێری یەك ـ دووشتی خۆش و نوێ‌ ببم كەهاوتەمەنەكانم لەگەڕەك نەیان بیستبێ‌ ..بەینی خۆمان بێت بەلاشە منداڵ و بەحەز گەورە بووم، دەمبیست پیاوان لەبن دیواری مزگەوت و شەوانیش لە كاتی كەڕەمستانێ‌ خەفەتباری خۆیان لەبێ‌ ژنی و سەر ڕووتانەوە دەردەبڕی، كچانیش بەوە پەست دەبوون كەلەتەمەنیانن بپرسی، یاخود لەتەمەنیان تێبپەرێ‌ و ماڵێك ئاوەدان نەكەنەوە .. !! هێندەم گوێ‌ لەو جۆرە قسانە دەبوو، هەر كەشەویش دادەهات سەرم دەخستە سەر بالیفەكەم وام ئەزبەر كردبوون ڕێك هەموویم دەگوتەوە، دایكم هەربەوە رادەگەیشت بیسمیلا ـ بیسمیلام بۆ بكات نەوك شێت بووبم .. خەریكە ئێستا تەنیشتەكانی سەرم بەلووسی دەگەنەوە پشتی سەرم، بەڵام ئەوەشیان بەینی خۆمان بێت بەو بەرەو پیری چوونەم  دڵم هێندەی دووگەنج  تەڕو ناسكە .. ئەو رۆژەی  بێ‌ ئەوەی خەیاڵم لەلای پەنجەكانی خۆم بێت لەپڕێك ((ناسك))بووك ئاسا كردمیەوە بەزاوا و لەترسی نوقرچكەیەك بەپەلە پەنجەكانم لەنێو هەردوو دەستە چكۆلەكانی دەرهێنا، یاری من، وەك هەرجارەی بەدەم زەردەخەنەی لێوە ناسكەكانی و قسەخۆشەكانیەوە پێی گوتم:
ـ حەمەلاو پیرۆزە.
راچڵەكیم و ئاورێكم لەپشت خۆم دایەوە، هەرخۆمم لەپەنجەرەی بەردەممان باش لەدەم و چاوی خۆم ڕامام هەرخۆمم.
 پێم گوت:
 ئەو حەمەیەت لەكوێ‌ هێنا !؟ 
 بەوە بێدەنگی كردم .. حەمەكەسی رۆح سووك و هاوسەری منە .. بۆسەیری پەنجەت ناكەی ئەوە نیشانم كردووی ..!؟
 پرسیم: كامە نیشان، خۆمن و تۆ بەتەنهاین و كوا كەس وكارمان... ئەی مەلا و شاهێد..!؟ 
ـ حەمەلاو پیرۆزە.
راچڵەكیم و ئاورێكم لەپشت خۆم دایەوە، هەرخۆمم لەپەنجەرەی بەردەممان باش لەدەم و چاوی خۆم ڕامام هەرخۆمم.
 پێم گوت:
 ئەو حەمەیەت لەكوێ‌ هێنا !؟ 
 بەوە بێدەنگی كردم .. حەمەكەسی رۆح سووك و هاوسەری منە .. بۆسەیری پەنجەت ناكەی ئەوە نیشانم كردووی ..!؟
 پرسیم: كامە نیشان، خۆمن و تۆ بەتەنهاین و كوا كەس وكارمان... ئەی مەلا و شاهێد..!؟ 
سەرێكی بۆ لەقاندم، هەمدیس بەدەم پێكەنینەوە پێی گوتمەوە..حەمەگیان بۆئەم دنیایە نا، بەڵكە بۆ دنیاكەی ترنیشانم كردووی ..فەرمووی لێكردم خێرا فریابكەوە و تاكەس بەم نهێنیەی نەزانیوە هەرخۆم وخۆتین ...
دەی حەمەگیان تۆش ئەڵقەی نیشانت بخەرە پەنجەمەوە.
 بێ‌ ئەوەی خۆم بۆ ئەو ئاهەنگە ئامادەكردبێ‌، لەگیرفانەكەم ئەڵقەیەكم دەرهێنا وكردمە پەنجەی،نیازم بوو نێوچەوانی ماچ بكەم،خەبەریان كردمەوە مەلا بانگی بەیانی دا هەستە نوێژت بكە.


ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق

کۆمێنتی خۆت بنووسه‌